لڤین پرێس
مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند تۆمەتباركردنیان لەلایەن یەكگرتووی ئیسلامییەوە بەسوتاندنی بارەگاكانیان جێگەی قبوڵكردن نییەو دەبێت یەكگرتوو داوای لێبوردنیان لێ بكات.
مەكتەبی سیاسی پارتی لەبەیاننامەیەكدا كە وێنەیەكی دەست سایتی لڤین پرێس كەوتووە رایگەیاندووە "ئێمە لەكاتێكدا شێوازی كاردانەوەی یەكگرتووی ئیسلامی رەتدەكەینەوەو تۆمەتباركردنی پارتیمان لەلایەن ئەوانەوە جێی قبووڵ نییەو بەدواداچوونی بۆ دەكەینو بەرپرسیارێتی ئەوەیان دەخەینە ئەستۆ كە داوای لێبووردن لەپارتیمان بكەنو ئەو ھەڵمەتەی لەدەزگاكانی راگەیاندنیان دژی پارتیمان بەرپایان كردووە ھەرچی زووە رایگرن".
دەقی بەیاننامەكە:
جەماوەری خەڵكی كوردستان..
رۆژی ھەینی ٢ی ئەم مانگە لە شاری زاخۆ پاش فەتوای مەلایەك لە نوێژی ھەینیدا، كە ھێرشكردنە سەر سەنتەرەكانی ماساژ و ھۆتێل و جێگاكانی گەشتوگوزاریی بە جیھاد داناوە و ھانی خەڵكی داوە لە دژییان. ژمارەیەك یاساشكێن بوونەتە سەرقافڵەی ئاپۆڕای خەڵكانێك و بە شێوەیەكی تێكدەرانە پەلاماری ئەو شوێنانەیان داوە و سووتاندوویانن. دواتر ئەم ئاڵۆزییە زوو بە زوو بەھەمان شێوە و رەفتار تەشەنەی كرد بۆ سێمێڵ و ھەندێ شوێنی تری ئەم دەڤەرە، ئیتر دەركەوت ئەم كارە تێكدەرانە كارێكی بەرنامەبۆداڕێژراوە و ھێرشبەرانی بۆ ئامادەكراوە و ئامانجەكانیشی دیاری كراون بۆ پەلاماردانی ھەموو ئەو شوێنانە كە بەتایبەتی بەرژەوەندی و سەرمایە و ماڵ و موڵكی ھاووڵاتیانی مەسیحی و ئێزدین.
خەڵكی ئاشتیخوازی كوردستان…
ئەو ئاڵۆزییانە لەرووی سیاسی و كۆمەڵایەتییەوە پەلاماردانی بنەماكانی پێكەوەژیانی ئاشتییانە و ھاووڵاتیبوونی ھەموو نەتەوە و ئایین و ئایینزاكانە لە كوردستاندا و بەرپاكردنی پشێوییە لە ھەرێمدا تا ھەنگاوەكانی پڕۆسەی پێشڤەچوونی كۆمەڵگاكەمان پەكبخرێ و ئاوەدانكردنەوە و گەشانەوەی ھەرێمەكەمان شكستی پێ بھێنرێ و ھەوڵە جددی و بە بەرنامەكانی چاكسازی راگیرێ و نەھێڵرێ بگەنە ئامانجەكانیان. بۆیە ئەوە دووپات دەكەینەوە كە ئەم كارە تێكدەرانەیە لە سنووری خۆیدا ئابڵووقە بدرێ و بە ھاوكاری نێوان ھەموو حزبە سیاسییەكان و دامودەزگاكانی حكوومەتی ھەرێم چارەسەری بە پەلەی بۆ بكرێ و جگە لە دووبارەنەبوونەوەی لە ھیچ شوێنێكی دیكە، لێكەوتەی تری سیاسی و كۆمەڵایەتی نەبێ و دەرگاكانی چارەسەر لە ھەموو لایەكەوە بكرێنەوە و بە شێوەیەكی تایبەتیش ژیان و ماڵ و سامانی ھاووڵاتیانی مەسیحی و ئێزدی بپارێزرێن و ھاندەران و ئەنجامدەرانی ئەم كاری تێكدەرانە دەستگیر بكرێن و ببرێنە بەردەم دادگا.
ئێمە لە كاتێكدا شێوازی كاردانەوەی یەكگرتووی ئیسلامی رەتدەكەینەوە و تۆمەتباركردنی پارتیمان لەلایەن ئەوانەوە جێی قبووڵ نییە و بەدواداچوونی بۆ دەكەین و بەرپرسیارێتی ئەوەیان دەخەینە ئەستۆ كە داوای لێبووردن لە پارتیمان بكەن و ئەو ھەڵمەتەی لە دەزگاكانی راگەیاندنیان دژی پارتیمان بەرپایان كردووە ھەرچی زووە رایگرن، ھەروەھا ئێمە لە مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، پشتگیریی كارەكانی ئەو لیژنەیە دەكەین كە سەرۆكی ھەرێم بڕیاری داوە بۆ لێكۆڵینەوە لەم رووداوە پێكبھێنرێ و ھاوكاریی تەواوی دەكەین. ھاوكات تواناكانمان تەرخانن بۆ پاراستنی بنەماكانی دیموكراسی و پێكەوەژیان و ئاوەدانی و پێشكەوتن لە ھەرێم و سووربوونمان لەسەر بەردەوامبوونی پڕۆسەی چاكسازیی دووپات دەكەینەوە.
مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان
٣/١٢/٢٠١١



0 Comments:
Post a Comment